شاندێکی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد



بەروار: دوو شەممە - ٢٧ / حوزەیران / ٢٠٢٢


شاندێکی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد

لە میانی کۆبونەوەکانی لیژنەی هەماهەنگی دادوەری نێوان هەرێم و بەغدا، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠٢٢/٦/٢٣ شاندێکی ئەنجومەنی دادوەری هەرێم کە پێکهاتبوون لە بەڕێزان دادوەر جاسم جزاء جافر هەورامی سەرۆکی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی و هەردوو سەرۆکی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی هەولێر و دهۆک، سەردانی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراقیان کرد لە شاری بەغدا و لەلایەن بەڕێز دادوەر فائق زیدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق پێشوازی لە شاندی هەرێم کرا.

لەدیدارێکدا کە بەڕێزان سەرپەرشتیاری دادوەری عێراق و سەرۆکی دادگای تێهەڵچونەوەی موصڵ و کەرکوک ئامادەبوون، باس لە کێشە دادوەرییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بە گشتی کرا بە تایبەت کێشەکانی پەیوەست بە فەرمانی دەستگیرکردن کە لە دادگاکانی هەردوولاوە دەردەچن و جێبەجێ ناکرێن. هەروەها کێشەکانی پەیوەست بە ئاگادارکردنەوە (تبلیغات) و لەجیاتی دانان (انابە) و هەواڵەکردنی داوا و كۆمەڵێك گرفتی و کێشەی تر كە لەئەنجامی كاری رۆژانە رووبەرووی دادگاكانی هەردوولا دەبێتەوە .

دواتر شاندەکەی هەرێم چاویانکەوت بە بەڕێز دادوەر جاسم محمد عبود سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق و چەند تەوەرێکی تایبەت بۆ ئاسانکردن و چارەسەرکردنی کێشەکانی مامەڵەی ڕۆژانەی هاووڵاتیان گفتوگۆیان دەربارە کرا.

پاشان هەردوو شاندی هەرێم و بەغدا بەهاوبەشی لەگەڵ شاندێکی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کۆبوونەوە و چەند تەوەرێک خرایە بەرباس، شاندی نەتەوەیەكگرتووەكان داوایانکرد لە ڕووی یاساییەوە کێشەی مامەڵە و بەڵگەنامەكانی ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی دااعش بوون چارەسەری پێویستیان بۆ بدۆزرێتەوە بەتایبەتی گرفتی ئەو منداڵانەی لە پاش دااعش بەجێماون و تا ئێستا ناسنامە و پێناسیان نییە.