سەرۆکی دادگا لەگەڵ بەرپرسی بنکەکانی پۆلیسی سلێمانی کۆبوەوە



بەروار: یەک شەممە - ٣٠ / کانوونی دووەم / ٢٠٢٢


سەرۆکی دادگا لەگەڵ بەرپرسی بنکەکانی پۆلیسی سلێمانی کۆبوەوە

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠٢٢/١/٣٠ بەڕێز دادوەر جاسم جزاء جافر هەورامی سەرۆکی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی، بە ئامادەبوونی بەڕێزان جێگری سەرۆکی دادگا و سەرۆکی دادگای تاوانەکان و دادوەرانی لێکۆڵینەوەی سلێمانی کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ بەرپرسی بنکەکانی پۆلیسی ناوشاری سلێمانی سازکرد.

لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێز سەرۆکی دادگا پاش بەخێرهێنانیان جەختی کردەوە لە توندکردنەوەی ئەو ڕێکارانەی کە دەبنەهۆی زیاتر جەسپاندنی یاسا و پاراستنی ئارامی و ئاسایشی شاری سلێمانی.

لەبەشێکی تری کۆبونەوەکەدا بەدواچوونکرا بۆ هۆکارەکانی کەڵەکەبوونی داواکان لە دادگاکانی لێکۆڵینەوە و، بەڕێز سەرۆکی دادگا ڕایگەیاند کە پێویستە هەمووان پێکەوە کاربکەین بۆ زیاتر خزمەتکردنی هاووڵاتیان و میکانیزمی نوێ و گونجاو بەکاربێنین بۆ خێراتر ڕاپەڕاندنی ئیشوکارەکانیان و، لەو بارەیەوە وەرگرتنی زانیاری و ناونیشانی تەواوی سکاڵاکار و تۆمەتبار بەمەبەستی ئاسانکردن و خێراکردنی کاری پێڕاگەیاندن (تبلیغات)ی بە گرنگ و پێویست زانی.

بۆ زیاتر خزمەتکردنی هاووڵاتیان و خێراتر بەڕێکردنی ئیشوکارەکانیان بەڕێز سەرۆکی دادگا جەختیکردەوە لە پێویستی بایەخدانی زیاتر بە سیستمی ئەلکترۆنی دادگا و ڕایگەیاند کە دەبێت سەرجەم بنکەکانی پۆلیس پابەندبن بە بەکارهێنانی سیستمەکە و سودمەندبن لە خزمەتگوزارییەکانی.