دادگاکانی لێکۆڵینەوە



بەروار: چوارشەممە - ٠٨ / ئایار / ٢٠١٩


دادگاکانی لێکۆڵینەوە

دادگاى لێکۆڵینەوە


بەپێى مادەى (31) لە یاسای دەستەڵاتی دادوەرى ژمارە (23)ى ساڵى (2007)، لە هەر شوێنێک دادگاى بەرایى هەبێت پێویستە یەک دادگای لێکۆلێنەوە یان زیاتر هەبێت، وە بەشێوەیەکی گشتى ئەرکی دادگاکانی لێکۆڵینەوە بریتى یە لە لێکۆڵینەوە لەو تاوانانەى کە لە سنوری دەستەڵاتی ئەو دادگایە ڕودەدات و کۆکردنەوەى بەڵگە لەسەر تۆمەتباران و پاش تەواو بونی لێکۆڵینەوە ئەگەر بەڵگە هەبوو دژى تۆمەتباران ئەوا هەواڵەى دادگاى تایبەتمەند دەکرێت بەپێى جۆرى دۆسیەکە بۆ دادگایی کردنیان.
لە ناو شارى سلێمانیدا لەکاتی ئێستادا (10) دادگاى لێکۆڵینەوە کار دەکات کە بەپێى تایبەتمەندی شوێنى سنورى بنکەکانی پۆلیس شوێنیان دیارى کراوە، کە ئەرکیان لیکۆڵینەوەیە لەو تاوانانەى لە سنوری ئەو بنکانەدا ڕودەدات، هەروەها ژمارەیەک لەم داداگایانەى لێکۆلێنەوە بەپێى تایبەتمەندی جۆری کار دەکەن وەک دادگاى لێکۆڵینەوەى ئاسایش و دادگاى لێکۆڵینەوەى نەهێشتنی تاوان و دادگاى لێکۆڵینەوەى توند و تیژی خێزانی و دادگاى لێکۆڵینەوەى نەوجەوانان. بۆ کار ئاسانی هاووڵاتیان و زوتر ڕاپەڕاندنی کارەکانیان لەکاتی ئێستادا (5) پێنج دادگاى لێکۆڵینەوە لەناو شاری سلێمانی لە دەرەوەى بیناى سەرەکی دادگا کارەکانیان ڕادەپەڕێنن کە شوێنی کارکردنیان لەناو بیناى بنکەکانی پۆلیسدایە، بەشێوەیەکی سەربەخۆ کارەکانیان ئەنجام دەدەن، وە دادگاکانی ترى لێکۆڵینەوە لە ناو بینای سەرەکی دادگادان بەم شێوەیە:.


1) دادگاى لێکۆڵینەوەى سلێمانى/1 کە شوێنى کار کردنیان لەناو بنکەى پۆلیسی ئەزمەرە لەسەر شەقامی (مەجیدبەگ بەئاراستەى دەباشان) تایبەتە بە بینینى ئەو کێشانەى کە لە سنوری بنکەى پۆلیسى ئەزمەڕ و سەرا هەیە، هەروەها کێشەى پاسپۆرت و بنکەى پۆلیسی نەخۆشخانە و بنکەى پۆلیسی ونبووەکان.
2) دادگاى لێکۆڵینەوەى سلێمانى/2 کە شوێنى کار کردنیان لەناو بنکەى پۆلیسی سەیواندایە لەسەر شەقامی بازنەیی مەلیک محمود نزیک پردی وڵوبە، تایبەتە بە بینینى کێشەکانی سنوری بنکەکانی سەیوان و برایم ئەحمەد و ئازادی و عەربەت و قەرەداغ و سێوسێنان و دارستان دەبینێت.
3) دادگاى لێکۆڵینەوەى سلێمانى/3 کە شوێنى کارکردنیان لەناو بنکەى پۆلیسی چوارچرایە، تایبەتە بە بینینى کێشەکانی سنوری بنکەکانی چوارچرا و ڕزگاری بەکرەجۆ.
4) دادگاى لێکۆڵینەوەى سلێمانى/4 کە شوێنى کار کردنیان لەناو بینای سەرەکی دادگایە تایبەتە بە بینینى کێشەکانی سنوری بنکەکانی ڕاپەڕین و تاسڵوجە و بازیان و بەردەقارەمان.
5) دادگاى لێکۆڵینەوەى سلێمانى/5 کە شوێنى کار کردنیان لەناو بنکەى پۆلیسی هەواری شارە لە گەڕەکی هەواری شار، تایبەتە بە بینینى کێشەکانی سنوری بنکەکانی هەواری شار و سەرچنار.
6) دادگاى لێکۆڵینەوەى سلێمانى/6 کە شوێنى کار کردنیان لەناو بنکەى پۆلیسی کوردساتە لە گەڕەکی کوردسات، تایبەتە بە بینینى کێشەکانی سنوری بنکەکانی کوردسات و بەخیتاری.
7) دادگاى لێکۆڵینەوەى توند و تیژی خێزانی کە شوێنى کار کردنیان لەناو بیناى دادگاى سلێمانى یە، کێشەکانی توند و تیژی خێزانی دەبینێت لە سنوری ناوشارى سلێمانی و دەوروبەرى.
8) دادگاى لێکۆڵینەوەى نەهیشتنی تاوان کە شوێنى کارکردنەکەی لەناو بیناى سەرەکی دادگایە و کێشەکانی دزى کردن دەبینێت لەناو شاری سلێمانی.
9) دادگاى لێکۆڵینەوەى نەوجەوانان کە شوێنى کارکردنی لەناو بیناى سەرەکی دادگایە و تایبەتە بە بینینى ئەو کێشانەى کە تۆمەتبارەکەى نەوجەوانە واتە تەمەنی لە خوار (18) هەژدە ساڵەوەیە.
10) دادگاى لێکۆڵینەوەى ئاسایش کە شوێنى کارکردنیان لەناو بیناى سەرەکی دادگایە و تایبەتە بە بینینی ئەو کێشانەى لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی و بنکەکانی ئاسایشەوە لێکۆڵینەوەى تیادا دەکرێت.